دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢٢٠

 بەهار

 

 

لەم سەری ساڵە سڵاو بۆ کوێستان

بۆ گژوگیا کە لە ئاسۆ وێستان

تاق وجووت لەشکری پیادە و سوارن

پێشڕەوی هێزی بەهارن، دیارن

چووزەڵەی هەڵز و کەما و ڕێواسان

ژینی لە نوێن هەموو، سووک و هاسان[1]

بە کوڕ وکیژ دەفرۆشن هەرزان

لە نسار و لە تەلان و بەرزان

"گڵە زەردە" وەکوو جاران بەرزە؟

تێر وپڕ هەر لە کەما و گیا و هەڵزە؟

یا نە، ڕووزەردە لە حاند کاتی بەهار،

سەرسپی و پیرەژنە سەر بەدەوار!

"کوڕەسووتەش" کە بلندە و زەنوێر

لە گوڵ و گیا وگژی کوێستانی تێر،

سەوز و شین بۆتەوە وەک ساڵی زوو؟

لە خەم و دەرد و پەژاران دەرچوو؟

مەڕە سووری لەسەرە و هەڵدەبەزن

کایەیانە لە سەری کاڕ و بزن

ئەوکەڕەت دێمەوە خوارێ لای خۆم[2]

بۆ چەم و کێو و کەژ و سارای خۆم

"ڕووتە"! هەر ڕووتەڵ و بێ بەرگ و گیای؟

وەکو خۆت سارد و سڕ و بەرزە چیای؟[3]

تۆ لە کوێستانی، ئەدی کوانێ کەمات؟

کوانێ گندۆرەت و مەندۆک و گیات؟

کوانێ بەیبۆنت و سوێسنە و شەوبۆت

پاش ملە هەقمە بڕازێنمەوە بۆت

هەموو کانیاوتە جێی گاڵتە وگەپ[4]

چاوی کوێرن، چ لە ڕاست و چ لە چەپ!

کوانێ کارمامز و بزنی کێویت؟

نەخشی ئاسۆگتە گورگ و ڕێویت؟!

بەڵێ، کوێستانی بەڵام بێ کەڵکی!

زەینێکی خۆت بدە کێوی خەڵکی

هەموو خەمڵین بە گڵۆکات، جوانن

دڵگرن، جێی کوڕ وکیژ، لاوانن

داوەشێی! بەردەمەکەت "بەردەقەل"ە

شین و بژوێن و جوان، قیت و بەلە[5]

خاوەنی کانی و ئاو، شیو و خڕە[6]

لە گوڵ و گیا و زەمەند تێر و پڕە

خاوەنی سفرەیی سەد کیژ وکوڕە

سەدهەزار مەل لە سەری مات و کڕە

تۆش بڵند بوویەوە بۆ عاسمانێ

کانی عاسمانێ نی، دەعیەت دانێ!

            وەرەوە خوارێ، بە هیچی بەرزی!

            کێوێکی بەرزی، بەڵام ناتەرزی!

(لاپەڕە ١٦٩ و ١٧٠ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نییە)

________________________________________

مەسنەوییەکی بەهارییەییە، باس لە سروشتی ناوچەی ژیانی شاعیر دەکات. لە هەندێک شوێندا تەنز ئامێزە بە تایبەت کاتێ ڕوودەکاتە کوێستانە ڕووتە و بە تەوس پێی دەڵێ بۆچی وا ڕووتی و لە چیاکانی دیکە ناچیت، ئیتر دەعیەت دابنێ و لەو بەرزییە وەرەوە خوارێ، ناتەرز!

باوەکوو بە ڕواڵەت تەنیا لە بەهارییەیەکی ساکار دەچێت، بەڵام کاتێ کەسایەتی و مێژووی ژیانی شاعیر دەگیرێتە بەرچاو، ئەگەری ئەوەش لەبەردەم قوت دەبێتەوە کە تۆبڵێی ئەو سڵاو ناردنە بۆ کوێستان لە ڕاستیدا سڵاوناردن بۆ پێشمەرگەی کوێستانەکانی کوردستان نەبێت؟

دیارە نیشانەی بەهێز بۆ ئەو بۆچوونە لە شیعرەکە دا دەست ناکەوێت لەبەر ئەوەی درێژەی باس هەر باس باسی کوێستانە ڕووتە و سروشتی دەوروبەری شوێنی ژیانی شاعیرە و هیچیتر.

کارتێکەریی شیعری ناسراوی مامۆستا هەژار واتە بەرەو موکریان بەسەر شیعرەکەوە دیارە و لە چەند شوێندا دەردەکەوێت. بەڵام ئەوەی شیعری ئاواتی لە بەرەوموکریان جیاکردبێتەوە ئەو ڕاستییەیە کە ئاوات لێرەدا هەر تانە و تەشەر لە سروشت و چیا و کانیاو و کوێستانی ناوچەکەی خۆی دەدات و سەرکۆنەیان دەکات لە کاتێکدا هەژار پەسنی سروشتی موکریا دەکات و بە شاخ وداخ و بەرد وداریدا هەڵدەڵێت. واهەیە هۆکار ئەوە بێت کە هەژار شیعرەکەی لە غەریبی و شاربەدەیدا گوتووە لە کاتێکدا ئاوات لای دەستی ئەو سروشتە ژیاوە و هەر بۆیەش تەوس و تانەیان تێدەگرێت. 

شیعرەکە لە چاپی جەعفەرردا نەهاتووە و هەربۆیەش ساڵ و شوێنی گوترانی شیعرەکە نازانرێت.

ئەم سەری ساڵە: دیارە دەبێ شیعرەکە لە کۆتایی زستان و بەئەگەری زیاتر لە سەرەتای بەهاردا گوترابێت.

لە ئاسۆ وێستان: هێشتا گژ وگیا لەمەزرای ناو گوند سەریان دەرنەهێناوە بەڵام دوور، لە ئاسۆی کوێستان وەستاون و دیارن.

تاق و جووت: یەک یەکە، کەم و زۆر.

بەهارن، دیارن: جیناسی ناتەواویان لێ دروست کراوە.

چووزەڵە: چووزەرە، نێرکی گیا. چووزەرە ڕێواس لە شیعری حاجی قادری کۆییدا هاتووە (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار).

هەڵز: گیایەکی بەناوبانگی گەڵادەرزییە لە تیرەی کەما و لۆیە؛ بۆ دەرمان دەشێ، بە چێشت خۆشە و لەوەڕی چاکە. قەت؛ وێنجە (هەنبانە بۆرینە)

کەما: گیایەکی بەرزی گەڵا دەرزییە. کارگی کەما لە هەموو کارگێک خۆشترە (هەنبانە بۆرینە)

سووک و هاسان: لە خواردندا سووک و هاسانن، قورس نین.

تەلان: بەندەن، بەرزایی کێو (هەنبانە بۆرینە)

گڵە زەردە: ناوی شوێنێکی تایبەتە و هەربۆیەش من خستوومەتە ناو دوو کەوانووکەوە. دەبێ ناوی کێوێک بێت لە ناوچەی ژیانی شاعیر.

سەرسپی: واتە هێشتا سەری بە بەفر سپییە و بەفری لێ ماوە.

سەربەدەوار: دەوار پارچەی ڕەشماڵە. سەربەدەوار کەسێکە ڕەشپۆش و ئازیەتبار بێت.

کوڕە سووتە: دەبێ چیایەکی ناوچەی ژیانی شاعیر بێت.

زەنوێر: جێگەی بڵندی هەوا سازگار (هەنبانە بۆرینە)

مەڕە سوور: جۆرێ حەیوانە کێوییە؛ پەزی کۆڤی (هەنبانە بۆرینە)

کاڕ: بەچکە بزنی جکۆلەی تازە زاو (هەنبانە بۆرینە)

ڕووتە: کێوە ڕووتە یان کوێستانە ڕووتە، دەبێ کەوتبێتە شوێنی ژیانی شاعیر

گندۆرە:  کاڵەک

مەندۆک: گیایەکی کوێستانی بەناوبانگە (هەنبانە بۆرینە)

بەیبۆن: گیایەک و گوڵێکی بۆن خۆشە (هەنبانە بۆرینە)

سوێسنە: گوڵێکە زۆر بۆن خۆشە، سۆسن (هەنبانە بۆرینە)

شەوبۆ: گوڵێکە

پاشملە: قسە کردن سەبارەت بە کەس یان کۆمەڵێک لە نەبوونی ئەواندا

بڕازێنمەوە بۆت: تەوسی تێدایە. حەقمە ئەگەر لە پشتە سەر غەیبەتت بکەم!

کارمامز: بێچوە ئاسک

ئاسۆگ: ئاسۆ، دوورەدەست

خەمڵین: ڕازانەوە

گڵۆکات: کۆی گڵۆک بە واتای خونچەگوڵ

داوەشێی: ڕاست نەبیەوە! ئەم چەند فەردە هەمووی تەوس و تانەیە لە کوێستانی ڕووتی ناوچەی ژیانی شاعیر و بەراورد کردنی لەگەڵ کوێستانە سەوز و ڕازاوەکانی دەوروبەر.

بەردەقەل: یان بەردەقەلە، دەبێ کێوێکی نزیک شوێنی ژیانی شاعیر بێت.

بژوێن: چڕ، پڕ دار ودرەخت و گیا وگژ

بەل: شێدار، تەڕ دەگەڵ تەڕ دێت: تەڕ وبەل کانی (هەنبانە بۆرینە)

کڕ: بێدەنگ و هێدی

کانی عاسمانێ نی: تۆ خۆ کانی ئەو ئاسمانە نیت، هی سەر زەویت! ئەی بۆچی وا دەعیەت هەیە و لووتت بەرزە؟ ڕوو لەخوارەوە بکە و بڕژێ خوارەوە!


 

[1]  لە دیوانەکەدا وەک نووێن هاتووە.

[2]   لە دەقەکەدا وەک خواری هاتووە.

[3]   لە دەقەکەدا وەک گییای و چییای هاتووە.

[4]   لە دەقەکەدا وەک کانیاووتە نووسراوە.

[5]   لە دەقەکەدا وەک جووان نووسراوە.

[6]   لە دەقەکەدا وەک کانی یو هاتووە.

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de